ناوەندی ڕۆشنبیریی دوکتور عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە شاری سلێمانی سمینارێکی لەژێر ناوی “وەرگێڕان و گرفتەکانی وەرگێڕان لە کوردستان”دا بەڕێوەبرد.
لەو سمینارەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕێبەندان لە دوو پانێلدا و بە بەشداریی دەیان نووسەر، ڕووناکبیر و ئاکادیمیسیەنی کورد بەڕێوە چوو، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە باسێکی دەوڵەمەنددا تیشکی خستەسەر بایەخی وەرگێڕان لە مێژووی وێژەی کوردیدا، تایبەتمەندییەکانی وەرگێڕ و ئەو کۆسپ و ئارێشانەی پێوەندیدار بە پرسی وەرگێڕان لە کوردستاندان.
سمینارەکە بە قسەکانی دوکتور ڕەئوف عوسمان، بەڕێوەبەری ناوندی ڕۆشنبیریی د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ دەستی پێ کرد و دواتر فیلمێکی دۆکیۆمێنتی لەژێر ناوی “دۆخی وەرگێڕان لە کوردستان”دا پێشان درا.
مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، نووسەر و وەرگێری ناوداری کورد و سیمای ناسراوی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە پەنێلی یەکەمی ئەم سمینارەدا باسێكی لەژێر ناوی “هونەری وەرگێڕان لە کوردستان”دا پێشکێش کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە ڕاستە ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا مەبەستە وەرگێڕان بە مانا تایبەتییەکەی، واتە وەرگێڕانی بابەتێکە لە زمانێکەوە بۆ زمانێک و بە دیاریکراوی لێرەدا بۆ زمانی کوردییە؛ بەڵام وەرگێڕان مەودایەکی بەرینتری هەیە و زۆر لە بوارەکانی ژیان لە پێوەندییەکاندا دەگرێتەوە.
بەڕێز مامۆستا حەسەنزادە لەو بەشە لە قسەکانیدا و لە پێوەندی لەگەڵ سوودەکانی وەرگێڕان چ بە مانا گشتییەکەی و چ بە مانا تایبەتییەکەیدا کۆمەڵە نموونەیەکی هێنایەوە و دواتر هاتە سەر باسی مەرجە سەرەکییەکانی وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو.
وەرگێڕان لە کوردستان و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای لە ڕووی چەندی و چۆنییەوە تەوەرێکی دیکەی باسەکەی مامۆستا حەسەنزادە بوو. مامۆستا ڕای وابوو کە لە باری چەندییەوە وەرگێڕانی کوردی کۆسپێکی لە پێش نیە و لە پاش ڕاپەڕینەوە پێشکەوتنی زۆر گەورەی بەخۆوە دیتوە. بەڵام لەباری چۆنییەوە گیروگرفتمان زۆرە، وەک نەبوونی ڕێنووسی یەکگرتوو، بوونی وەڕگێڕان لە بەهرەوە بۆ خولیا، نەشارەزایی لە زمان، وشەداتاشین، بەرتەسککردنەوە زمان، بایەخنەدان بە وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ زمانەکانی دیکە و نەبوونی دەزگایەک بۆ چاودێری بەسەر کاری وەرگێڕان بۆوەی ڕێگا نەدا شتی کاڵوکرچ بڵاو بێتەوە.
مامۆستا لە دوابەشی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە دەسەڵاتی سیاسی نەک هەر بەرامبەر بە وەرگێڕان، بەڵکوو بەگشتی لە هەمبەر زمان و چارەنووسی زمانی نەتەوەیی خەمساردە.
لە پانێلی دووهەمی سمینارەکەشدا باسێک لەلایەن ئازاد بەرزەنجی بە ناونیشانی “کاریگەریی زمانە بیانییەکان لەسەر وەرگێڕان” پێشکێش کرا.
شایانی باسە کە دوابەشی کاری سمینارەکە لە هەر دوو پانێلەکە بۆ سەرنج و دەربڕینی ڕاوبۆچوونی بەشداران تەرخان کرابوو.