لاوێکی وەرزشوانی کوردی خەڵکی تیکاب بە ناوی “ئەفشین عەباسپوور”، لە کێبڕکێی وەرزشی لەشجوانیدا لەسەر ئاستی ئێراندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لاوێکی وەرزشوانی کورد بە ناوی “ئەفشین عەباسپوور”، خەڵکی شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەمەن ٣٣ ساڵ، لە کێبڕکێی “نەچراڵـ”ـی وەرزشی لەشجوانیی ئێران و هەڵبژاردن بۆ تیمی نیشتمانیی لەشجوانیی ئێران کە لەسەر ئاستی وڵاتی ئێراندا بەڕێوە چوو، پلەی یەکەم و میداڵیای زێڕی بەدەست هێنا.
شایانی باسە کە ئەفشین عەباسپوور، نزیک بە پازدە ساڵە لە بواری وەرزشی لەشجوانیدا کار دەکات و لە بوارەکانی لیفت، پاور لیفت، بەژنجوانیی، بەژنڕێکی فیزیک، بادیکلاسیک و نەچراڵ یاری دەکات و خەریکی ڕاهێنانە، کە چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی لەسەر ئاستی وڵاتی ئێران، پارێزگای سنە و ناوچەی هەوشاردا مسۆگەر کردووە و لە ئێستاشدا لە شاری تیکاب ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانییە.