هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی “ئیبراهیم تاریمورادی” کە هاوینی ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیبراهیم تاریمورادی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی بەکرێگیراوی ڕێژیم حوسێن سەعیدی سزای یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بە بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.
ئەم سزایە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر “ئیبراهیم تاریمورادی”دا سەپاوە و ناوبراو پاش ئەوەی بانگ کراوەتە دادگا، بڕیارەکەی بۆ خوێندراوەتەوە.
ئیبراهیم تاریمورادی خەڵکی گوندی هەمرۆڵە سەر بە شاری سنەیە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.
ئیبراهیم تاریمورادی دواجار ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.