سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شای عەرەبستانی سعوودی دڵنیایی ئەوەی پێدا کە هیچکات ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادرێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی ڕاگەیاندنی “کۆشکی سپی” جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا دڵنیایی بە مەلەک سەلمان پاشای عەرەبستانی سعوودی دا کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ڕێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدرێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و “مەلەک سەلمان”ـیش لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دەربڕی و وتی؛ ئێمەش بە تەواوی هێزمانەوە پشتیوانی لەو هەوڵە دەکەین کە نەبێ تاران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هەروەها لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆککۆماری ئەمریکا و پاشای عەرەبستانی سعوودی، لەبارەی نێگەرانییەکانی ناوچەیی وەکوو هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر خەڵکی مەدەنی عەرەبستانیان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بە پشتیوانیی هەردوو وڵات ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە و جۆ بایدێن پشتیوانیی دەوڵەتەکەی بۆ عەرەبستان لە بەرگری لە هێرشی میلیشیا حووسییەکان ڕاگەیاند.