دەزگای زانیاریی تورکیە “میت” ڕایگەیاند کە، ١٧ کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانی دەسبەسەر کردووە، بە تۆمەتی ئەوەیکە هەوڵی ڕفاندنی کەسێکی دژبەری ڕێژیمی ئێرانیان لە تورکیە داوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانی وڵاتی تورکیە، دەزگای زانیاریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە تیمێکی بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بازرگانی، سەرهەنگێکی خانەنشینکراوی ڕێژیم و چەند ئەفسەرێکی خەڵکی تاران، کە پیلانی ڕفاندنی کەسێکی دژبەری ڕێژیمی ئێرانیان داڕشتبوو، لەلایەن دەزگای “میت”ـی تورکیە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو وڵاتە کراون.
ناسنامەی ئەو کەسەی کە ئامانجی ڕفاندنەکەی ڕێژیم بووە تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە، بەلام میدیاکانی تورکیە باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسە دژبەری ڕێژیمی ئێران بووە و بە هۆکاری سیاسی ئێرانی بەجێ هێشتووە و لە شارێکی ئەو وڵاتە بە ناوی “زونگالداک” لە کەناراوی دەریای ڕەش ژیانی ئاسایی خۆی تێۆەڕ دەکا؛ ئەو دژبەرەی ڕێژیم پێشتر ئەندامی یەکێک لە دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و لە ڕابردووشدا وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم کەسێکی بە ناوی “عەلی قەهرەمان حاجیئابادی” بۆ ڕفاندنی ئەو کەسە ڕاسپاردووە و بۆ شاری “ئیستانبول” ڕەوانەی کردووە؛ ئەو مەئموورەی ڕێژیم دوای داڕشتنی پیلانەکە و ناساندی شوێنی مەبەست گەڕابووە بۆ ئێران.