هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، مووشەکێکی بالستیکی بە ناوی “خەیبەر شکەن” نمایش کرد.
محەممەد باقری، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوەڕەسمی نمایش کردن و پیشاندانی ئەو مووشەکە بالستیکە نوێیە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێران درێژە بە بەرنامەی مووشەکی خۆی دەدا و ئەم مووشەکە نوێیە بە ناوی “خەیبەر شکەن” زیاتر لە هەزار و ٤٥٠ کیلۆمیتر بۆردی هەیە.
محەممەد باقری لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە: دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جیاواز لە زمانی هێز و زۆر هیچ زمانێکی دیکە نازانن، ئێمە بەردەوامین لە پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانمان.
جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئەمریکایی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و هێزە ئەمریکاییەکانی نێشتەجێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا “پێنتاگۆن” ڕایگەیاندووە کە مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەبێ پێش لە بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بگیردرێ.