لە درێژەی قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران، گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا هەڵکشانێکی بێوێنە و لەڕادەبەدری بەخۆوە بینیووە، بە جۆرێک کە نرخی هەر کیلۆ گوشتی سوور لە بازاڕەکاندا ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار تمەنە.
هەواڵدەریی حکومەتیی مێهر، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هەڵکشانی لەڕادەبەدەری نرخی گوشت و برینج لە بازاڕەکاندا، لە ڕاپۆرتێکدا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بە بێدەسەڵاتی بەرپرسانی دەوڵەت و مافیاکانی بازاڕی گۆشت ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی ئێراندا لە ٢٠٠ تاکوو ٣٠٠هەزار تمەن بووە.
هەواڵدەریی مێهر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێ؛ نرخی زیندوو قەپانی مەڕوماڵات بە جۆرێک بەرز نەبووەتەوە کە ببێتە هۆی ئەو گرانییە لەڕادەبەدەرە، بەڵکوو بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور تەنیا بەهۆی مافیاکانی بازاڕی گۆشتەوەیە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئیتلاعات بە ئاماژە بەوەی کە برینجی هاوردەکراوی ١٣هەزارتمەنی لە بازاڕەکاندا ئێستا بە ٣٤٠هەزار تمەن دەفرۆشرێ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو شوێنەی کە نرخەکان لە بازاڕەکاندا دیاری دەکا دەوڵەتە و هیچ کەس نازانێ پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان کە لەلایەن دەوڵەتەوە هاوردە دەکرێ، لە سەتا چەند قازانجیان دەخرێتە سەر و بە خەڵکی هەژاری ئێرانی دەفرۆشرێنەوە.