دەفتەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای ئازادیی ٤ چالاکی مافی ژنان و خزم و کەسوکاریان دەکا کە پاش خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لەهەمبەر دەستەبەرکردنی مافی ژنان لە ئەفغانستان، لەلایەن تاڵیبانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەوڵدەریی ڕۆیتێرز، لیز ترۆسێل، وتەبێژی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ژێنێڤ پێتەختی وڵاتی سویس ڕایگەیاندووە کە؛ شۆرا زۆر بە جیددی نیگەرانی ئەمنییەتی گیانی و دەروونیی ژنانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو لەلایەن تاڵیبانەوەیە و داوا لە تاڵیبان دەکا بە خێراترین کات ئەو ٤ چالاکەی بواری مافەکانی ژنان ئازاد بکا.
وتەبێژی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاند کە سێ حەوتوو بەسەر دەسبەسەرکرانی ” تەمەننا زەڕیابی و پەروانە ئیبراهیم خەلیل” تێپەڕ دەبێ و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراوان لەبەردەستدا نییە و هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئێمە گوشارەکانمان بۆسەر بەرپرسانی تاڵیبان تا ئەو کاتەی ئەو ٤ چالاکەی مافی ژنان ئازاد دەبن، درێژە پێ دەدەین.