وەزارەتی دەرەوەی سویس ڕایگەیاند کە هەیئەتێکی تاڵیبان بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی سویس و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان گەیشتوونەتە ژێنێڤ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویس، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە وتووێژ لەگەڵ تاڵیبان لە ژێنێڤ بە واتای بە فەرمی ناسینی حکومەتی تاڵیبان نییە و ئەندامانی هەیئەت تەنیا لەسەر چۆنیەتیی گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بە دەستی هاووڵاتییانی ئەفغانی و بەرنامەگەلێکی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە لە ئەفغانستان وتووێژ دەکەن.
نوێنەرانی تاڵیبان لەماوەی ڕابردوودا وتووێژگەلێکیان لەگەڵ دیپلۆماتە ئورووپاییەکان لە ئۆسڵۆ لەسەر قەیرانی ئابووری و هەژاری خەڵکی ئەفغانستان و مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بە تایبەتی مافی ژنان دەستپێکردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە تاڵیبان سەرەڕای هەموو بەڵێنەکانی و ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەزگا ئەمنییەتی و دەوڵەتییەکانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستاندا کاریان دەکرد، پێبەند نەبووە بە بەڵێنەکانی و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاڵیبان لەماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستانی کوشتووە.
پێویستە بگوترێ کە ئەفغانستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بووەتەوە و بە بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان، وڵاتانی ئورووپایی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانیان بۆ ئەفغانستان ڕاگرتووە و هیچ وڵاتێک حکومەتی تاڵیبان بە فەرمی نازانێ.