ماوەیەکه هێرشی یەک دوو به ناو کەسایەتیی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر کاک “ناسر ڕەزازی”، هونەرمەندی خۆشەویست و جێی ڕێزی خەڵک لە هەر چوار بەشی کوردستان، بۆته نەقڵی میدیا و تۆڕە ئینتێرنێتییەکان. ئەوەی جارێک گوێی دابێتە گۆرانییەکانی کاک ناسر تا ڕادەیەک ئاگای له ژیان و بە سەرهاتی خۆی بووبێ، قسەی تاقمێکی ئاوا دواکەوتوو نەک کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بیر و بۆچوونی سەبارەت بەم هونەرمەندە گەورەیە نابێ، بەڵکوو بە پێچەوانه قەدر و قیمەتیشی بەرز دەکاتەوە! و سەعدی گوتەنی:
“بەردی بێ قەدر گەر دەفری تەڵا بشکێنێ
قیمەتی بەرد ناچێته سەر و زێریش داناشکێ”
کاروانی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد وێرای تەواوی کۆسپەکان بەرەو پێش دەروا و بیر و ئاکاری ئەوانەی پشتیان لە گەل و نیشتمان کردوە، خزمەتی بیر و هزری کۆنەپەرەستان و حکوومەتی داگیرکەر دەکەن و بەپێی بەرژوەندیی تاکەکەسیی خۆیان دژ به کەسایەتی و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادی گەلەکەیان هەڵویستی ئاوا قیزەون و ناحەز دەگرن و دەیانەوێ خەڵکی کورد دژ بەوان هان بدەن، بێگومان بێجگه له ڕوورەشی و ئابڕووچوونی خۆیان هیچیان بۆ نامێنێ.
لە ڕاستیدا کێیه نەزانێ ناسر ڕەزازی نەک وەکو پێشمەرگە و کوردێکی ڕەنجکێشاو، بەڵکوو وەکو هونەرمەندێکی دەنگخۆشی بەرپرس، چ خزمەتێکی به ڕەوتی ئاگایی نەتەوەیی له تەواوی کوردستان کردووە و بەشێکی زۆری زیندوومانەوەی هەستی کوردایەتی لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی گەنج و پیردا قەرزداری کەسانێک وەکوو کاک ناسری ڕەزازی، کاک نهجمەی غوڵامی، نەمر مەرزیه فەریقی و ئەو چەشنه هونەرمەندە پایەبەرزانەیە که تەواوی ژیانی خۆیان تەرخانی ئەو بزووتنەوەیە کردووە.
کێیه نەزانێ کاریگەریی دەنگ، هەست و سۆزی گۆرانییەکانی کاک ناسر هیچ کەمتر لە کاریگەریی چەکی خەباتگێڕان نەبووە و بیری نەتەوایەتی و ئازادی به پێی وشەکانی ئەو هاتۆتە نێو خوێنی به میلیۆن کەسی کورد و، بەرەو خەبات دژ به داگیرکەران و گەیشتن به ئازادیی کوردستان و یەکسانیی ژن و پیاو و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری هان داوە.
ئەوەی کاک ناسر چۆن بیر دەکاتەوە، چ ئایین و بیروباوەڕێکی هەیە، هیچ پێوەندی به کەسێکی دیکەوە نییه، کوردستان هەمیشه شوێنی حاوانەوە و ژیانی هێمنانەی بیر و هزر و ئایینی و نائایینی جۆراوجۆر بووە و، موسڵمان، ئیزەدی، یارسانی، بەهایی، یەهودی و ئاتەیست و هتد ڕێزیان لە یەک گرتوە و پڕۆپاگەندەی یەک دوو مەلای نەزانی سەر به هێزی داگیرکەر کە چاویان لەو هەمووە زۆڵم و زۆر و چەوسانەوەی خەڵکی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێران نوقاندوە و پێ به پێی ئەوان هێرش دەکەنە سەر هۆنەرمەندێک وەکو کاک ناسر ڕەزازی، هیچ کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئاگا و نیشتمانپەروەری کورد نابێ و بێجگه سەرشۆڕی ئەوان و تووڕەیی خەڵک هیچی دیکەیان پێ نابڕێ. لە لایەکی دیکەشەوە پێویسته کەسایەتییە سیاسیی، هۆنەریی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لەهەر چەشنه هەڵسو کەوتێک که ببێته هۆی دووبەرەکی و کەلکوەرگرتنی نەیارانی کورد خۆ بپارێزن. کورد بۆ گەیشتن به ئاواتەکانی مێژینەی خۆی پێویستی به یەکدەنگی و ڕێز گرتن لە بیروڕای جیاواز هەیە. هەرچەشنە دووبەرەکی و شەڕی ئایینی و ململانێی نێوخۆیی زەبر لە ڕەوتی گەشەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات.