زۆربەی گوندەکانی شارستانی قوڕوە ساڵانێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەباتی هەوڵدان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە، گاڵتە بە خەڵک دەکەن.
کوردستان بە گرینگترین سەرچاوەی ئاوی ئێران و ناوچەکە ئەژمار دەکرێت و بە تایبەت شارستانی قوڕوە بە یەکێک لەو شارستانانەی کوردستان ئەژمار دەکرێت کە سەرچاوەیەکی باشی ئاویی هەیە،بەو حاڵەش بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ساڵانێکە زۆربەی گوند و ناوچەکانی ئەو شارستانە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە جیددییە نەداوە.
سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی ڕایگەیاند؛ چەندین سالە کۆمەڵێک لە گوندەکانی دەوروبەری شارستانی قوڕوە ڕووبەڕووی کێشەی جیددیی ئاوی خواردنەوە بوون و خەڵکی ئەو گوندانەش لەو ساڵانەدا بەردەوام سەردانی دامودەزگا و شوێنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەو شارستانەیان کردووە و کێشەکەیان بە بەرپرسانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە؛ بەرپرسان وێڕای ئەوەی کە بەردەوام بەڵێنیان داوە، بەڵام نەک تەنیا بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن، بەڵکوو گاڵتەش بە خەڵک دەکەن و ئەمەش بووەتە هۆکاری قووڵبوونەوەی زیاتری کێشەکان.