ویسێنتێ گۆنزالێس، نوێنەری کۆماریخوازی ئەمریکا وتی: بە هیچ شێوەیەک هەڕەشەی بەرنامەی ناوکیی تاران بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا پشتگوێ ناخەین.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، ویسێنتێ گۆنزالێس، نوێنەری کۆماریخوازی ئەمریکا ڕایگەیاند کە: ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە مافی ڕێژیمی ئێرانی نازانین چالاکیی ناوکیی هەبێ و هیچ ڕەسمییەتێکی نییە کە تاران مافی ئەوەی پێ بدرێ، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گوێدانە یاساکانی بەرجام و دۆخی ئاسایشی جیهان، درێژە بە دروستکردنی چەکی ناوکیی دەدات و لە ئێستادا دەیهەوێ بەرنامەکانی خۆی بە شێوەیەکی تێکدەرانە درێژە پێ بدا، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە گورز لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بوەشێنێ.
هەروەها ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند کە، سەرۆککۆماری ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو ولاتە دەبێ قۆناغە باشەکانی بەرجام بە شێوەیەکی چەند لایەنە و بۆ بەرژەوەندی ئاسایشی جیهان بەرەو پێش ببەن و بەهێزی بکەن و ئەو بەرنامانەی بەدژی چەکی ناوکیی تارانە، دەبێ پەسەند بکرێن و گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە زۆرتر و بەهێزتر بکەن و ئەو ڕێگایانەی کە ڕێگری لە تاران دەکا بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی بگرنەبەر و نابێ بەه یچ شێوەیەک ڕێگە بدرێ کە کۆماری ئیسلامی ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهان.