سیاسەتی هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێران دژ بە ژنان، لە چوارچێوەی خستنە پەراوێزی ژنان و خانەنشینکردنیان درێژەی هەیە.
ناسر یەزدی، پێشنوێژی ڕۆژانی هەینیی یەزد، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نوێترین لێدوانیدا بە ئاماژە بەوەیکە ئەمڕۆ هەموو کێشەی ژنان بە چاولێکەری لە وڵاتانی ئورووپایی بووەتە کارکردن لەنێو بازاڕدا، وتی: “گەورەیی و پێگەی ژن لە کارکردندا نییە، بەڵکوو گرینگترین ئەرکی ژن لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بارهێنان و پەروەردەی منداڵەکانیانە لە ماڵەوە.”
ناسر یەزدی، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای یەزد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرپرسانی حکومەتی دەبێ لێبڕاوانە بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێری کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ بەرنامەیان هەبێ و ئەگەر بەرپرسانی حکومەتی ئەو کارە نەکەن شیرازەی بنەماڵەکان تێکدەچێ و ژنان ناتوانن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و بە باشی خزمەتی هاوسەرەکانیان بکەن.
ئەم قسانەی ئەم ئاخوندەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە تەنیا لە بەهاری ئەمساڵدا سەرەڕای کەمبوونەوەی بێکاری پاش دامرکانەوەی پەتای کۆرۆنا لە سەتا ١١ی ئەو ژنانەش کە خاوەن کار بوون لە ئێراندا بێکار بوونە و لە ئێستادا لە ماڵەکانیان دانیشتوون و ئەم جۆرە لێدوانانە درێژەی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕێژیمە بۆ پەراوێزخستنی ژنان و خانەنشینکردنیان لە ماڵەوە.