نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و نوێنەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ڕەوتی دانوستانەکانی ڤییەن لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕابێرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و برێت مەکگۆرک، نوێنەری کۆشکی شپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی دۆخی دانوستانەکانی ناوکیی ڤییەن، لەگەڵ کۆمیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا تاوتوێی دۆخی وتووێژەکانی بەرجامیان کرد و باسیان لەوە کردووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تاران بدرێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هاوکات “کلۆدیا تێنی” نوێنەری کۆماریخوازان وتی: “لێدوانەکانی ڕابێرت مالی لەو کۆبوونەوە نهێنییەدا لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، بەجێی وڵامدانەوەی پرسیارەکان، پرسیارگەلێکی دیکەی هێنایە ئاراوە و لە لاپەڕەی تویتێری خۆی داوای لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کرد کە بە شێوەی ئاشکرا ڕووبەڕووی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماریخوازان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا وڵام بداتەوە کە بۆچی گەمارۆکان بەدژی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی کرداری ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟”