له کۆبوونهوهی سکرتێری گشتیی حدک لهگهڵ دوو پاڕلمانتاری سۆئێد له پاڕلمانی ئهو وڵاتهدا، کاک خالید عهزیزی سهرنجی ههیئهتی خانهخوێی بۆ دوایین گۆڕانکارییهکان له ئێرانو کوردستان ڕاکێشا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ ی خاکهلێوه (٦ی ئاوریلی ٢٠١٦ی زایینی) کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەردانی پارلمانی سۆئێدی کردو لەگەڵ بەڕێزان خاتوو ئاندرینە وینتهێرAndrine Winther) )، بەرپرسی پەیوەندییە نێونەوتەوەییەکانی پارتی سوسیال دیموکراتی سۆئێدو سەرکان کۆسە( Serkan Köse ) ئەندامی پارلەمانو ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پارلەمانی ئهو وڵاته دیدارو چاوپێکەوتنی کرد.
لەو دانیشتنەدا لهگهڵ ئهوهی باس له پەیوەندیی نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانو پارتی سوسیال دێمۆکراتی سۆئێد کرا، کاک خالید عەزیزی باسی لە بارودۆخی ئالۆزی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستو پرسی کورد له نێو ئهو هاوکێشانهدا کرد.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له درێژهی باسهکهیدا له پێوهندی لهگهڵ ئێرانو پرسی کورددا داوای لە حیزبی سوسیال دیموکراتو حکومەتی سۆئێد کرد کە لەو پەیوەندییەدا بێ تەفاوت نەبنو لە ئاستی ئوروپا دا، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئێعدام، ئەشکەنجەو ئازاری جیابیران لە ئێرانو زهوتکردنی سیتماتیکی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئیسلامی ئێرانو پشتگیری لە جۆڵانەوەی مەدەنیو چالاکانی سیاسی کوردو نێوخۆی ئێران بکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە دا باس لەوە کرا کە چۆن هەر دووک لا تێبکۆشن بۆ هاوکاریی زیاتر لە ئاستی وڵاتی سۆئێدو کۆڕو کۆمەلە نێونەتەوەییەکان بۆ بەرجستە کردنو هێنانە ڕۆژەڤی باسو خواسەکانی پێوهندیدار بە ئێران بە گشتیو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.
له بڕگهیهکی دیکهی باسهکانی ئهو دانیشتنهدا باسێکی تێرو تەسەل لهبارهی کێشەی نێوخۆیی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆڵ سوسیالیست کراو لهو پێوهندییهدا کاک خالید عەزیزی داوای کرد کە هەردووک لا هەوڵ بدەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ چارسەری کێشە نێوخۆییەکانی ئەو ڕێکخراوە گرینگە نێونەتەوەییە.
پێویست بە ئاماژەیە کە لەو دیدارە دا بەڕێزان عەزیز سەید نژادیانو چنوور ئەکبەرپوور، لە بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کومیتەی سۆئێدی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوڕێیەتی سکرتێری گشتیی حیزبیان دهکرد.