هەڕەشە و گوڕەشە بێبنەماکانی بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەدژی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بەردەوامە.
فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای تێرۆریستیی پاسداران جارێکی تر دەستی داوەتەوە هەڕەشە و گوڕەشە دژ بە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باشووری کوردستان.
تێرۆریست سەردار ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوە لەگەڵ میدیاکارانی سەر بە ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، دیسان هەڕەشەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان کرد؛ ئەم تێرۆریستە بانگەشەی ئەوە دەکا کە بەرپرسانی باشووری کوردستان دەبێ ئاگادار بن کە ئەگەر ئەم حیزبانە هەر جموجۆڵێک دژ بە کۆماری ئیسلامی بکەن، هەموو بنکەکانیان لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکەینە ئامانج.