سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئیسرائیل وتی: هەڕەشە دەریاییەکان لەم ڕۆژانەدا بەدژی ئیسرائیل ڕوو لە زیاد بوونە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە، لەم ڕۆژانەدا شاهیدی زۆربوونی هەڕەشە دەریاییەکان لەسەر ئیسرائیلین؛ ئامانج تەنیا ئیسرائیل نییە بەڵکوو هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕە گەورە دەریاییەکان، ئەو هەڕەشانەیان لەسەر ئیسرائیل بە تایبەتی لەلایەن ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەوە دروست کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە نەفتالی بێنێت، پێشتریش لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە هاوکات لەگەڵ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، تاران درێژە بە چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا دەدا.
ناوبراو لە درێژەدا سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە سەرچاوەی هەموو هەڕەشەکان بۆسەر ئیسرائیل ڕێژیمی ئێرانە، وتی: ئیسرائیل بە هەموو هێز و توانایەوە ڕووبەڕووی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە و ئێمە پێبەند نابین بە ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لەو رێککەوتنەدا.