نوێنەری شارەکانی بانە و سەقز لە مەجلیسی ڕێژیم لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “تەسنیم”، کۆڵبەرانی بە قاچاخی چەک و مەشرووب تۆمەتبار کرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندان، “بێهزاد ڕەحیمی” نوێنەری شارەکانی بانە و سەقز لە مەجلیسی ڕێژیم لە دیمانەیەکی دژیگەلییانە لەگەڵ هەواڵدەریی “تەسنیم” سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، وتی: “دیاردەی کۆڵبەری زۆر ئاڵۆزترە لەوەی کە باس دەکرێ و کۆڵبەری تەنیا تایبەت نییە بە پارێزگای سنە، بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی سنووری ڕۆژاوای ئێراندا بوونی هەیە.”
ئەو نوێنەرەی ڕێژیم بانگەشەی ئەوەی کرد کە، “کۆڵبەران چیدی تەلەڤیزیۆن و ساردکەرەوە ناگوازنەوە چونکە ئەم کاڵایانە چیتر هاوردە ناکرێن، ئەمڕۆکە کۆڵبەران بۆ مەبەستگەلی دیکە وەکوو قاچاخی چەک و مەشروب بەکار دەهێندرێن.”
بێهزاد ڕەحیمی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو بانگەشە و تۆمەتانە بخاتە ڕوو، لە درێژەی قسەکانیدا وتی، جاری وایە یەک کۆڵبەر بە شەوێک ئەوەندەی مانگێک پارەی دەست دەکەوێت و بۆیه دەستبەرداری کۆڵبەری نابێت.
ڕەحیمی لە بەشێکی دیکەی پاساوە دژیگەلییانەکەی وتی، کەسانی دەستڕۆیشتووانە بە ناوی کۆڵبەرەوە قاچاخی گەورە دەکەن و دوایەش بە بانگەشەی کوشتنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی پرۆپاگاندا دەکەن، لەکاتێکدا لە پارێزگای سنە شتی وا ڕوونادات و ئەمانە دوورن لە ڕاستی.”
قسەکانی ئەم نوێنەرەی ڕێژیم لە مەجلیسی ئاخوندی لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو ڕاپۆرتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە کە ئاماژە بەوە کرابوو کە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٥٤٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و زیاتر لە هەزار و ٦١ کۆڵبەری دیکەش لەو ناوچانە بریندار بوون.