عەلیڕەزا ڕەسووڵی، بەندكراوی سیاسیی کورد که به نەخۆشی لە بەندیخانەی مەهاباددا بهند کراوه جگە لە مەحكومكرانی سەرەتایی، ئەم دواییانەش بە هۆی چالاكییهکانی لە نێو زیندان سزای ٣ ساڵ زیندانیی دیکهشی بەسەردا سەپاوه، مەینەتنامەیەكی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردهوه.
ئەم بەندكراوە سیاسییە لەم مەینەتنامەی خۆیدا باسی لە ڕەوتی پڕ لە كەموكوڕیی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەكانو هەڵسوكەوتی خراپی كاربەدەستانی ئەمنیەتی لە كاتی دەستبەسەركردنداو گرفتە جەستەییەكانی خۆی كردووەو باسی لە بوونی تومۆر لە ئەژنۆی چەپو تێكقرمانی لەگەنو ئەگەری ڕەش هەڵگەڕانی ڕانی ڕاستی، پووكبوونی ئێسكەكانی، ئارترۆز، لەنێوچوونی جومگەی لاقو نەخۆشیی گورچیلەكانی كردووە.
لە بەشێك لەم مەینەتنامەیەدا هاتووە، من عەلیڕەزا ڕەسووڵی لە دایكبووی ساڵی ١٣٦٠ و خەڵكی شاری مەهابادم، بەهۆی ئەوەی كە لە ڕێكەوتی ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩١ لەبەردەم ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی مەهاباد كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیمان لە بابەت ڕووداوی ئاگركەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ پێك هێنا، لە ڕێكەوتی ٥ی ڕەشەممەی ٩١ هێزە چەكدارەكانی ئیدارەی ئیتلاعات كە بە چوار ماشێن ڕژانە سەرمانو، دەستبەسەریان كردمو ڕاپێچی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات كرام.
ناوبراو هەروەها باسی لە لێكۆڵینەوەو ئەزیەت و ئازاری بەردەوامی خۆی لە ماوەی ١٧شەو و ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتو مەحكوومكرانی بە تۆمەتی “پێكهێنانی كۆبوونەوەو كەینو بەین به دژی کۆماری ئیسلامی”، “هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی” و “پڕوپاگەندە بەدژی نیزام” كردوە و نووسیویەتی لە مانگی بەفرانباری ٩٢ پێیان ڕاگەیاندم كە حوكمی ٤٢ مانگ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپاندووم، پاش ڕاگەیەندرانی ئەم حوكمە من ناڕەزایەتیی خۆم بە كاربەدەستان ڕاگەیاندو لە ئەنجامدا مانگی ڕەشەممە وڵامی ئەم ناڕەزایەتیی دەربڕینەی من درایەوە، بەڵام بۆم دەركەوت كە دادگای پێداچوونەوەشدا دەقاودەق ئەم حوكمەی پێشوو پشتڕاست كراوهتەوە.
عەلیڕەزا ڕەسووڵی لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە نەخۆشییهکانیو دانپێدانانی بەشی دەرمانیو پزیشكی زیندان بە پێویستیی چارەسەری ئەو لە نەخۆشخانەكانی دەرەوەی زیندان، گوتوویەتی سەرەڕای چەند جار مانگرتن لە خواردن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەڵام دادستانو ئیدارەی ئیتلاعات بەدژی ناردنی من بۆ مەرەخەسیو چارەسەریی پزیشكی لە دەرەوەی زیندانن.