پۆلێکی تر لە کچان و کوڕانی کوردستان، پەیوەست بە شۆڕش بوون و لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لە شان کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمی کۆتاییی دەورەی ٢٤٥ی سەرەتاییی پێشمەرگە لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزب بەڕێوە چوو؛ سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەییی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد، دواتر بەشداربووانی دەورە پاش ڕێژەی پێشمەرگانە، سوێندی نیشتمانیی پەیوەستبوون بە ڕێزەکانی شۆڕشیان خوارد.
پاشان بەڕێز حەسەن خۆشکەلام، کادری تێکۆشەری حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لەنێوئاخنی قسەکانیدا ئاماژەیی بە مێژووی خەبات و تێکۆشان و گیانفیداییی حیزبی دێموکرات و ڕێبوارانی ئەو ڕێبازە کرد و وتی: “حیزبی دێموکرات لەماوەی ٧٦ ساڵی ڕابردوودا لە بەرانبەر دوو ڕێژیمی کۆنەپەرەستیی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە قۆناغە دژوار و جیاوازەکاندا لە هیچ فیداکارییەک درێغیی نەکردووە، لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا شانازیی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی هەیە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا دیسان وازی لە خەبات و تێکۆشان نەهێناوە و لەو ڕێگەیەدا بە هەزاران پێشمەرگە و بە سەدان کادر و فەرماندە و بە دەیان ئەندامی ڕێبەری شەهید بوون”.
بەڕێز خۆشکەلام لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە پێگەی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و وتی: “حیزبی دێموکرات لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەلقوڵاوە و بە هۆکاری مانەوە لە گۆڕەپانی خەبات لە بەرانبەر دوژمنانی گەلدا، بووەتە جێگەی هیوای خەڵکی کوردستان و بۆیە لە خەڵک جیا ناکرێتەوە”.
لە بەشێکی تری ڕێوەڕەسمەکەدا سروودی “من پێشمەرگەی کوردستانم” لە لایەن چەند بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەش کرا و پاشان پەیامی دەورە لەلایەن “ئەوین قادرزادە”، بەشداربووی دەورە خوێندرایەوە، دواتریش سروودی “سڵاو پێشمەرگەی قارەمان” لەلایەن “سەناریا خزرپوور” و گۆرانییەک لەلایەن “عەلی فەتحی” پێشمەرگەی حیزب پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا خەڵاتی سەرکەوتووانی دەورە لەلایەن بەڕێز “محەممەد حەسەنزادە”، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات بە “ئەوین قادرزادە”، وەکوو کەسی یەکەم، “عەلی خۆسرەوی” دووهەم و “خەدیجە حوسێنی” و “کەمەن باردڵ” کەسانی سێهەم پێشکەش کرا؛ دواتر چەند کۆپلە گۆرانییەک لەلایەن “حەمید سەیفی”، “ڕەزا سوهرابی” و “ساوین مەحموودیانڕاد” بەشداربووانی دەورە پێشکەش کران.
شایانی باسە کە لەنێو ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن “محەممەد سولەیمانی” بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە چەند شێعر و پەخشانێک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بڕگەی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەش بە شایی و گۆڤەند و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێ هات.