کەسایەتییەکی خۆشناو و ناسراوی خەڵکی ناوچەی شنۆ بە ناوی “مامۆستا مەلا کەریم حەسەنزادە” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستا مەلا کەریم حەسەنزادە کەسایەتێکی خۆشناو، دیار و خاوەن پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتیی ناوچەی شنۆ و هەروەها باوکی فەرماندەی ڕۆژانی سەختی خەبات، هاورێ “فەریق حەسەنزادە”، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و خەڵکی ناوچەی شنۆ کرد.
مامۆستا مەلا کەریم حەسەنزادە، ماموستایەکی ئایینی خۆشناو، هێدی و لەسەرەخۆ و خەمخۆری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچە و شاری شنۆ بوو و هەردەم هەوڵی تەبایی و بەیەکەوە بوونی لە شنۆ و ناوچەکەدا داوە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچە و شاری شنۆ بوو و بێجگە لەوەیکە کوڕێکی ساڵانێکی زۆر لە ڕۆژە سەختەکان وەک پێشمەرگە و فەرماندە لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا بووە، کوڕێکی بە ناوی “سەلام حەسەنزادە” ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری تاران لە تەقینەوەیەکی گۆماناویدا وێرای دەیان کەسی دیکە گیانی لەدەست دا و کوڕێکی دیکەی بە ناوی “تاریق” لە تەمەنی ١٥ ساڵی دا لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجەی داگیرکەرانی نیشتمان و بە نیوەگیانی لە بەردەرگای ماڵ فرێی دەدەن و بەداخەوە گیانی لەدەستدا و شەهید بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی مامۆستا مەلا کەریم، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.