دادستێنی دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەڵوەر لە دژکردەوەی بە قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە، ئەو دادگایە دادگایەکی سەربەخۆ، مەدەنی و نێونەتەوەییی “خەڵکی”ـیە و هێج دەوڵەتێک هەتا بریتانیاش بۆی نییە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو دادگایەدا بکا.
ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای مەحکوومکردنی کاروباری دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەڵوەر، وتی: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر ئەو دادگایە ناڕەزایەتیی خۆی لە بریتانیا دەربڕیوە و لە ڕەوتی ئەو دادگایە نیگەرانە.
حەمید سەبی، دادستێنی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر لە دژکردەوەی قسەکانی خەتیبزادە وتی: یاسای وڵاتی بریتانیا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی جیهان، ئازادیی ڕادەربڕینیان بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بە فەرمی ناسیوە و هیج دەوڵەتێک هەتا دەوڵەتی “ئینگلیس”ـیش بۆی نییە ڕێگری لە کۆبوونەوەکانی دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەڵوەر بکا و داواکاریی تاران لە بریتانیا بۆ ڕاگرتنی ئەو دادگایە هیچ بایەخێکی یاسایی نییە.