زیاتر لە ٣٠ کەس لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە جۆ بایدێن کرد کە، ئەگەر بگەرێتەوە بۆ بەرجام، ئەو بڕیارە دەبێ بە دەنگێ ئەرێنی مەجلیسی سێنا بێ و هەر ڕێککەوتنێک لەو بارەوە بکرێ دەبێ وەکوو ئەنجومەنەکان ڕاپۆرتەکەی بدرێتەوە بە مەجلیسی سێنا.
ئەو نامەیە لە لایەن “تێد کڕووز” سێناتۆری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکاوە نووسراوە و زیاتر لە ٣٠ سێناتۆری دیکە واژۆیان کردووە و لەو نامەیەدا ڕوو بە “جۆ بایدێن” نووسیویانە؛ هەر شێوە ڕێککەوتنێکی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا، دەبێ بە دەنگی ئەرێنی مەجلیسی سێنا بێ و دەبێ گرینگیشی پێ بدرێ کە دەنگی سێنای ئەمریکا چارەنووسسازە و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو داوایە بژاردە و ڕێکاری دیکە دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی بایدێن بە ئاسانی نەگەڕێتەوە بۆ بەرجام.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، لە حاڵێکدا کە ڕێککەوتنی دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ بە ڕێککەوتنێکی پتەو و باش کە ڕێژیمی ئێران نەتوانێ یاساکانی پێشێل بکا و دەبێ لانیکەم سەرنجی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سێنا بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و ئەگەر بەبێ دەنگی مەجلیسی سێنا ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بکرێ، نیشانەی لاوازبوونی ئەو ڕێککەوتنەیە.