دادستێنی کوەیت، پێشتر ٦ تۆمەتباری بە تۆمەتی دابینکردنی ماڵی بۆ گرووپی حیزبوڵای لوبنان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کردبوو، بەو مەرجەی کە نەتوانن سەفەری دەرەوەی کوەیت بکەن.
ڕاگەیاندنەکانی کوەیت، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە دادوەری دادگای پێداچوونەوە ماوەی دەسبەسەرکرانی ٦ تۆمەتباری بە تۆمەتی دابینکردنی ماڵیی گرووپی حیزبوڵای لوبنان درێژ کردۆتەوە و ڕایگەیاند کە ئەو ٦ کەسە لە ڕێگای دامەزراندنی ڕێکخراوی خێرخوازییەوە، پارەیان بۆ حیزبوڵای لوبنان کۆ کردووەتەوە.
دادستێنی کوەیت لەم بارەوە بە ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەو ٦ کەسە کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبێکی قەدەغەکراو، سپیکردنەوەی پارە و سیخوڕی و دابینکردنی ماڵی و ناردنی پارە بۆ گرووپی حیزبوڵای لوبنان دەسبەسەر کرابوون، درێژەی هەیە.