مامۆستایەکی خەڵکی گوندی “نواوێ” سەر بە شاری ڕەبەت لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە پلەی پڕۆفیسۆر لە بواری بیرکاری پێ بەخشرا.
دوکتور “ئەمیر مافی”، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، لە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونەکانی لە بواری پەرەپێدان بە زانستی بیرکاری پلەی پڕۆفیسۆری پێ بەخشرا.
پڕۆفیسۆر ئەمیر مافی، ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە گوندی “نواوێ” سەر بە شاری ڕەبەت لە دایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە و دواتر لە زانکۆکانی هورمزگان و خاڕەزمیی تاران درێژەی بە خوێندن لە بواری بیرکاری داوە و لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی دوکتوڕای بیرکاری لە زانکۆی خارەزمیی تاران وەرگرتووە.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەیە و لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا لە کۆنفرانسە جۆراوجۆرە زانستییەکان، وێڕای “کۆچەر بیرکار” و “مەریەم میرزاخانی” بەشداری کردووە و زۆربەی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە بواری بیرکاری لە زانکۆکانی وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا و هیندوستان تێپەڕ کردووە.
پڕۆفیسۆر “ئەمیر مافی” خاوەنی دەیان وتار و لێکۆڵینەوی زانستی لە بواری بیرکارییە و بە وەدەستهێنانی ١٣٠ خاڵ توانیویەتی کە پلەی پڕۆفیسۆر لە بواری بیرکاری لە زانکۆی کوردستان مسۆگەر بکا و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن چەندین زانکۆی بەناوبانگی جیهانی بۆ وانەوتنەوە بانگهێشت کراوە.
جێی ئاماژەیە کە گوندی “نواوێ” لە ناوچەی ڕەبەت و زێدی لەدایکبوونی پڕۆفیسۆر مافی، خاوەن مێژوویەکی پڕشەنگدار لە ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کوردە و شەهید “فەقێ عەوڵا” فەرماندەری هێزی مینەشەم و لەدایکبووی نواوێ، هەنووکەش یەکێک لە سیمبۆلەکانی خۆڕاگریی گەلی کورد بەرامبەر ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.