شەش هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شارەکانی بۆکان و شنۆ لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کە پێشتر دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندییەوە سزای ناڕەوای بەندکردنیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، پێنج هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد و خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی هاوڕێ و سیامەند خاڕەزم، ئەیووب مووسا، ئاسۆ شێخە و موراد ساعی، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێی کوردستان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری شنۆ گوازرانەوە.
ئەیووب مووسا و هاوڕێ خاڕەزم، ڕۆژی هەینی، ١٧ی بەفرانبار، سیامەند خاڕەزم و ئاسۆ شێخە ڕۆژی دووشمەمە، ٤ی ڕێبەندان و موراد ساعی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری شنۆ دەسبەسەر و بۆ دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ گوازرانەوە.
هەروها بەپێی زانیارییەکان هەر لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی تر بە ناوی سەعدی ئەحمەدپوور، خەڵکی شاری بۆکان کە لە سەرەتای ڕەزبەری ۱۴۰۰ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە سزای سالێک بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپا.