میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە ترسی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئیسرائیل بە ناچار بنکە و مۆڵگە و ناوەندە سەربازییەکانیان دەگوازنەوە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە ترسی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، ناوەندە سەربازییەکانیان لە نزیک سنووری ئیسرائیل و سووریە گواستووەتەوە بۆ ناوچەی کۆن و مێژوویی “تەدمەر” هەڵکەوتوو لە ناوەندی سووریە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێزێکی زۆری میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هۆتێل “مێریدین تەدمەر ، زنوبیا” و هەروەها هۆتێل “غەسان سەعد” لە ناوچەی مێژوویی و کۆنی ” تەدمەر” جێگیر کراون و لە بەردەم هۆتێلەکاندا سەیتەرەیان داناوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئیسرائیل بەردەوام هێرشگەلێکی قورسی کردۆتە سەر هێزەکانی سپای قودس ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە و کۆمەڵێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کوشتووە.