“سەید محەممەد حوسێنی”، ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە مەهاباد دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک سەید محەممەد حوسێنی کوڕی سەید ڕەحمانی شاڵەگەورە پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و باوکی تێکۆشەری زیاتر لە ٤٠ ساڵی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەید عەبدوڵا حوسێنی، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک سەید محەممەد حوسێنی، کەسێکی بە ورە، نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویست بوو کە هەر کەس بۆ جارێکیش لە نزیکەوە چاوی پێ کەوتبێت، شاهیدی بۆ ورەبەرزی و گەلدۆستی و نیشتمانپەروەری خوالێخۆشبوو دەدا.
کاک سەید محەممەد حوسێنی، لە ساڵەکانی ٤٧ – ٤٦ هاوکار و یارمەتیدەری شۆڕشگێڕانی ئەو جووڵانەوە بەشکۆیە بوو و پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شەهید سەید فەتاح نیزامی کادری پێشکەوتووی ئەو جووڵانەوەیە هەبووە، هەر ئەوەش بوو کە ڕۆژێک دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان پۆلێک لە پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی شەهید مراد شیرێژ لەگەڵ ژاندارمەکانی سەر بە ڕێژیمی شا و چریکە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی شا لە بەهاری ١٣٤٧ لە بەری قەبرانی عیساکەند، کاک سەید محەممەد بە تۆمەتی دابینکردنی تەداروکات و پێداویستییەکانی پێشمەرگەکان لەلایەن ساواکەوە گیرا و کەوتەبەر دڕندانەترین ئەشکەنجەکانی ساواک کە تا کۆتایی ژیانی ئاسەواریان بەسەر جەستەیەوە بەجێ مابوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی شادا، بەوپەڕی دڵگەرمی و ورەبەرزییەوە لە مەیدانی چالاکیی حیزبی دێموکراتدا بوو و دەوری بەرچاوی لە تەداروککردنی کۆمیتە شارستانی مەهاباد و هێزی شەهید پێشەوا لە نێو شار و دەرەوەی شاردا، هەبوو.
خوالێخۆشبوو سەید محەممەد ، دوای ئاشکرابوونی کۆمیتەی بازاڕیانی حیزب لە مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دەسبەسەرو زیاتر لە ساڵێک خرایە زیندانی سپای پاسدارانەوە کە زیاتر لە ٧ مانگ حوکمی زیندانەکەی لە ژووری تاکەکەسیدا تێپەڕ کرد.
کاک سەید محەممەد، تامەزرۆی ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەکەی بوو، کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ڕزگاری و سەربەستی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی خۆی ببینێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک سەید محەممەد حوسێنی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کەسوکاری بە تایبەتی هاوڕێ سەید عەبدوڵا حوسێنی و هەروەها خەڵکی مەهاباد و ناوچەکانی دەورووبەری بە گشتی دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.