کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە نزیکەی ١٤ ساڵە بەبێ مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی میناب ڕاگیراوە، نامەیەکی بڵاو کردەوە.
کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز کە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، سپاسی هەموو چالاکان و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە هەوڵیان بۆ ئازادی و هەروەها باشتربوونی باری تەندروستی ناوبراو داوە.
دەقی نامەکە:
بە ناوی ڕاستی و ئازادی
سڵاو و ڕێز بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە گیانی مرۆڤ لای ئەوان بەرزتر و بە نرخترە لە هەموو بیر و باوەڕ و ئایدیۆلۆژییەک.
بە پێویستی دەزانم کە سپاسی و ڕێزی خۆم ئاراستەی ئەو کەسانە بکەم کە لەماوەی بەندکرانمدا بە تایبەت لەم ڕۆژانی دواییدا بە نیسبەت باری تەندروستی من بە پەڕۆش بوون و هەواڵمیان پرسیوە و دڵسۆزانە هەوڵیان داوە بۆ ئازادی و باشتربوونی باری تەندروستیی من.
سەری کڕنۆش دادەنوێنم بۆ هاوڕێ دێرینەکانم، ئازادیخوازان، مرۆڤ دۆستەکان و هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، ئازادی و بەرامبەری و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵیان داوە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی بەپەلە بە مەبەستی ئازادی و هەروەها باشترکردنی باری تەندروستی من بڵاو بکاتەوە.
لە ناخەوە دەستی برای بەڕێز و هاوڕێی ٣٠ ساڵەی خۆم بەڕێز ڕەحمان ئیبراهیم پوور (سیادەری)، چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو” و باقی کەسایەتییەکان دەکەم کە هەوڵیان داوە بۆ جێبەجێ بوونی ئەم بانگەوازە، ماچ دەکەم.
لە گەڵ ڕێزمدا
کەماڵ شەریفی
١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١
بەندیخانەی میناب