تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەوەی کە ڕابێرت مالی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەموو گەمارۆکانی سەر رێژیمی ئێران، هەڵناوەشێنێتەوە، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتی: هەوڵەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆکان باشە، بەڵام تەواو نییە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکومەتیی فارس، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە هەوڵەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەل نەمانی گەمارۆکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئیران باشە بەڵام تەواو نییە، وتی: ئەمریکا دەبێ گارانتی ئەوە بکات کە پاش گەیشتن بە ڕێککەوتن دووبارە لە رێککەوتنەکە ناچێتە دەرەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوە بە هەڵوەشانەوەی هێندێک لە گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، وتی: ئەمریکا باجێکی قورس لەهەمبەر هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران دەدا.
پۆمپێئۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر دەنووسێ: بایدێن گەمارۆکانی سەر رێژیمی ئێران لادەبات، بەڵام ئێران هیچ کارێک ناکا و خامنەیی ئەم کارەی بایدێن بە لاوازیی ئەمریکا دەزانێ و دەیکاتە دەرفەتێک بۆ هێرشی زیاتر بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل.