ڕابێرت مالی دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی کە تیمی وتووێژ و وڵاتانی بەشداری دیکە لە ڤییەن، گەیشتوون بەو ئاکامەی کە هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لابچێ، بەڵام دەوڵەتی جۆ بایدێن نایهەوێت هەموو گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “ئێمئێسئێنبیسی” بە ئاماژە بەوەی کە کاتی گەڕانەوەی تیمەکانی وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بە خێرا تێپەڕ دەبێ، وتی: هێندێک لەو گەمارۆگەلەی کە بەدژی ئێران سەپێندراوە، پێوەندی بە بەرنامەی ناوکیی ئێرانەوە نییە، بەڵکوو پێوەندی بە دەستێوەردانەکان و هەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدایە.
مالی لە درێژەدا بە ئاماژە بە کاتی بەڕێوەچوونی درێژەی وتووێژەکانی ڤییەن وتی: تیمە دانوستانکارەکانی وڵاتانی بەشدار حەوتووی داهاتوو دەگەڕێنەوە بۆ ڤییەن و درێژە بە وتووێژەکان دەدەن.
ناوبراو هەروەها وتی: لە ئەگەری شکستی وتووێژەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە ئێرانێکی ناوکیی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران، ڕێکارگەلێکی دیکە دەگرێتەبەر.