بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەبێ بەڵێن و پێبەندبوونی تاران بە بەڵێنە ناوکییان و هاوکاریی هەموو وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک ناکرێ.
ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ئاژانس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران و پێبەندبوونی تاران بە بەڵێنەکانی هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە، وتی: هەرچی وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن زیاتر پێکەوە دانوستان بکەن کێشەکان کەمتر و زیاتر لە بیروبۆچوونی یەکتر نزیک دەبنەوە.
گرووسی هەروەها ڕایگەیاند کە وتووێژەکانی ڤییەن تا ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران و دانوستانەکان بەردەوامە و کێشەگەلێک لەبەردەم تیمە دانوستانکارەکاندا هەیە کە دەبێ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەوڵ بدرێ ئەو کێشەگەلە چارەسەر بکرێ.
ناوبراو لە درێژەدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی ئاژانس لەهەمبەر بوونی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە دامەزراوە ناوکییە ڕانەگەیاندراوەکانی ئێران، داوای لە تاران کرد کە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەدا هاوکاری بکا و ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە کامێرا چاوەدێرییەکان لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بە لێکۆڵەرانی ئاژانس بدا.
جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئەمریکایی و وڵاتانی دیکەی بەشدار لە وتووێژەکان پێشتر لەهەمبەر کات بەفیڕۆدانی تاران و کۆتایی کاتی وتووێژەکان لەگەڵ ئێران هۆشداریان داوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە حەوتووی داهاتوو بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی چارەنووسسازە.