حاجی عومەرئاغا سالاری کوڕی حاجی هەباسئاغا بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشی لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حاجی عومەرئاغا سالاری کەسایەتیی دیاری ناوچەکانی سەردەشت، ئالان و پشدەر و گەورەی بنەماڵەی سالاری، بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بنەماڵەی سالاری لە هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە پێکهێنانی سوڵح و ئاشتەوایی ناوچەکەدا ڕۆڵی باشیان گێراوە و هەروەها حاجی عومەرئاغا لە کاری خێرخوازیشدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی بووە؛ خوالێخۆشبوو کەسێکی کوردپەروەر و پێشمەرگەخۆشەویست بوو و ماڵ و مووچە و مەزرای بنەماڵەکەیان جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بووە.
شایانی باسە کە یەکێک لە کوڕەکانی حاجی عومەرئاغا بە ناوی ئەبووبەکر سالاری ساڵانێکی زۆر وەک تێکۆشەرێکی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە و هەنووکەش هەروا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی دەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی حاجی عومەرئاغا سالاری، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان، سەرجەم خزم و کەسوکاری لە هەر دوو دیوی کوردستان و خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەکانی سەردەشت، ئالان و پشدەر دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.