کاک حەمەدەمین باڵەکی، باوکی شەهید خالید باڵەکی و باوکی فەرماندەی بە توانای حیزبی دێموکرات کاک عەلی باڵەکی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک حەمەدەمین باڵەکی، باوکی شەهید خالید باڵەکی و باوکی فەرماندەی بە توانای حیزبی دێموکرات کاک عەلی باڵەکی، لە تەمەنی ٨٣ ساڵی و بە هۆی بەساڵاچوویی و دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک حەمەدەمین باڵەکی یەکێک لە کەسە دیار و خۆشناوەکانی ناوچەی مەهاباد و شاری مەهاباد بوو، کەسێکی هەڵسوور و کاسب، مرۆڤێکی خاکی و نیشتمانپەروەر و کوردخۆشەویست بوو. خوالێخۆشبوو کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆز و بەهەڵویست بوو، ژیانی خۆی تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان کرد بوو، هەر بۆیەش دوای ڕووخانی پاشایەتی، بە بنەماڵە دەبنە پێشمەرگە و دواتر دوو کوڕی و برایەک و دوو برازای لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خزمەتی گەل و نیشتمان دەکەن، کوڕ و برازاکانی پلەکانی بەرزی بەرپرسایەتیان بڕی و لە کاتی هەڵسوورانی بێوچان و بوێرانەیان دا بنەماڵەی باڵەکی بوونە چەقڵی چاوی دوژمن و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەڵسووران و خزمەتەکانی کوڕەکانی کاک حەمەدەمین و بنەماڵەی باڵەکی بۆ دۆست و دوژمن دیار بوو، بەشداری چالاکانەی فەرماندە عەلی باڵەکی و کادری خۆشناوی گەلەکەمان شەهید خالید باڵەکی لە حەماسەکانی هێزی شەهید پێشەوا، وای لە دوژمن کرد بوو کە بۆ بە چۆک داهێنانی کاک عەلی و شەهید خالید باڵەکی، پەنا بۆ گرتن و ڕاودونانی ئەندامانی بنەماڵەی باڵەکی بە گشتی و کاک حەمەدەمین باڵەکی بە تایبەتی بەرن.
بەڵام هیچ کات کاک حەمەدەمین و هاوسەری ژیانی تەسلیمی ویست و داوخوازییەکانی کاربەدەستانی تێرۆریستیی سپا و ئیتلاعات نەبوون، هەر کاتێکیش کاک حەمەدەمین چاوی بە کوڕ و برازاکانی کەوت بێ، داوای ڕاوەستاوی و بەردەوامی لە کار و ئەرکی حیزبی دا بۆ بە ئاوات خواستوون، خۆی گووتەنی بە هۆی هەڵسوورانی پێشمەرگانەی کوڕەکانی سەری لە نێو کۆمەڵگادا بە قەد هەموو شاخە بەرزەکانی کوردستان بەرز بووە و شانازی بە کوڕەکانی و گشت پێشمەرگەکانی کوردستانەوە کردووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ كۆچیدوایی خوالێخۆشبوو کاک حەمەدەمین باڵەکی سەرخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێڕی باڵەکی و سەرجەم خەڵکی خۆڕاگری ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.