مەلا کەریم مێهدی “شیپانەجۆ”، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مەلا کەریم مێهدی” شێپانەجۆ” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بنەماڵە سەربەرزی مێهدی لە سەرەتای شۆڕشەوە، ٥ کەسیان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بۆ بەرگری لە خاک ونیشتمان لە بەردەکەن و لە شەڕ لەگەڵ هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمدا، شەهیدان “کاک سادق مێھدی، کاک ساڵە مێھدی، مام سەعید مێھدی و کاک محەممەد مێھدی” گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکەن و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبن و هەروەها کاک عومەر مێهدی لە بەندیخانەی ڕێژیم لەسێدارە دەدرێ و گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ كۆچیدوایی مەلا کەریم مێهدی سەرخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێڕی مێهدی وسەرجەم خەڵکی خۆڕاگری ناوچەی سەرشیوی سەقز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.