لە فەلەستین وێنە و پۆستێرەکانی تێرۆریست قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئاگریان تێ بەردرا.
لە فەلەستین کە ڕێژیمی ئێران بە پێگەی سەرەکی و مۆڵگەیەکی پتەوی خۆی بۆ پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچە و بەتایبەت دژی ئیسرائیل ئەژمار دەکا و بەکاری دەهێنێ، خەڵکی شاری “ڕەفەح”، لە باشووری کەرتی “غەزە”ی فەلەستین، وێنەی تێرۆریست قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی گرووپی حیزبوڵای لوبنانیان لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدەربڕیندا ئاگر تێ بەرداوە.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی شاری “ڕەفەح” بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە ئاوارەکانی سووریە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا تێرۆریست قاسم سولەیمانییان وەکوو هۆکار و پیلانداڕێژی سەرەکیی کۆمەڵکوژی و ئاوارەکردنی خەڵکی سووریە و ئاژاوەگێڕی لە وڵاتانی ناوچەکە لەقەڵەم داوە و بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن لە بەرانبەر ئەو پیلانانە و دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری فەلەستین، وێنەی تیرۆریست کوژراو قاسم سولەیمانییان ئاگر تێ بەرداوە.