ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدێن، داوای ئەوەیان لێ کردووە کە گوشار بخاتە سەر تواناییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی “نەشناڵ ڕیویۆ”، جۆ ویسلسۆن، ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا کە یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو نامەیە، وتی: دەوڵەتی جۆ بایدێن ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران نییە و لەو نامەیەدا نیگەرانی خۆمان لەهەمبەر هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی تاقیکردنەوەی مووشەکی هەڵگری ماهوارە و تێکنۆلۆژیای نوێ ڕاگەیاندووە و هۆشداریمان داوە، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران لەو کارەدا سەرکەوتوو بێ، بەو مانایە کە دەتوانێ مووشەکیی بالستیک تاکوو خاکی ئەمریکا ڕەوانە بکا.
لەو نامەیەدا باس لەوە کراوە، دەبێ ئەمریکا بە شێوەی پێویست لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانە لە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژکردەوەی هەبێ و نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێ کە ئەو ڕێژیمە دەستی بە مووشەکی بالستیکی پێشکەوتوو ڕابگا و هەنگاوەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن لەهەمبەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران وەکوو پێویست نییە و کۆشکی سپی دەبێ لەو بارەوە هەنگاوگەلێکی زانستی و جیددی هەڵبگرێ.