سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی پیلانگێڕییەکانی لە کوردستان، پیلانێکی نوێ و مەترسیداری بۆ لاوانی کوردستان داڕشتووە و لە ڕێگەی مۆرەکانییەوە پەرەی پێ دەدات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە درێژەی پیلانگێڕییەکانی لە کوردستان، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی مەشرووباتی ئەلکۆلیی دەستکرد، پیلانێکی نوێ و زۆر مەترسیداری بۆ خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لاوانی کورد داڕشتووە و لە ڕێگەی مۆرە و بەکرێگیراوانی خۆیەوە خەریکە بە بەرنامەوە جێبەجێی دەکات.
سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو پیلانە نوێیەدا، لە کوردستان جۆرە مەشرووباتێکی ئەلکۆلیی دەستکردی دروست کردووە و هەر کەسێک بیخواتەوە، یان دەبێتە هۆکاری گیان لەدەستدانی، یان دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی بینایی چاوەکانی و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بۆ ناوەندی ڕایگەیاندنی حیزبی دێموکرات نێردراوە، ئەو مەترسییانەی کە باس کراون، ئەگەریان سەدا سەدە.