بەرپرسی بنکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا “سێنتکام” دەڵێ: لە ئەگەری هێرشی زیاتری میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێژیمی ئێران دەتوانێ ئاگری شەڕ لەگەڵ ئەمریکا هەڵ بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “نەشناڵ نیوز”، بەرپرسی بنکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ژێنێڕاڵ “فرانک مەککێنزی” ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە؛ ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی هێرشی میلیشیاکانییەوە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراق و یەمەن، دەتوانێ ببێتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: تاران زۆر بە باشی شارەزای هێڵە سوورەکانی ئێمە لە عێراقە، بەڵام بەڵگەگەلێکمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بەردەوام هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانمان و گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکایی دەخەنە مەترسییەوە؛ ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی هەلگیرسانی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە کە ئەو ڕێژیمە بۆ خۆی دەیهەوێت ئاگری شەڕەکە خۆش بکا.
بەرپرسی بنکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا “سێنتکام”، ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەوە پێش بردنی کارە تێکدەرانەکانی و هەروەها هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەی قاچاخ چەکوچۆڵ دەنێرێ بۆ گرووپە میلیشیاکان و لە ئێستادا کە شەرێ یەمەن ٧ سال دڕێژەی کێشاوە تەنیا هۆکار ڕێژیمی ئێرانە کە پشتیوانیی ماڵی و چەکوچۆڵی لە میلیشیا حووسییەکان دەکا.