“حەسەن فەلاحی” ناسراو بە “حەسەن دیواڵی” پێشمەرگەی پێشووی حیزب لە وڵاتی هولەند ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارە ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وڵاتی هولەند پێشمەرگەیەکی پێشووی تێکۆشەر و ماندوویینەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی مام حەسەن فەلاحی ناسراو بە حەسەن دیواڵی لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد .
مام حەسەن لە سەردەمی ڕێژیمی پاشەیەتیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دێڵێ و پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات وەک پێشمەرگە خەباتی کردووە .
دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، مام حەسەن دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بو جارێکی دیکە لە ساڵی ١٣٦١ بە فەرمی چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شان و وەک پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر و بە بیروباوەڕ درێژە بە خەبات دەدات. مام حەسەن لەماوەی پێشمەرگایەتیدا لە دەوروبەری بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزب وەک پێشمەرگە درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە.
مام حەسەن کەسێکی تێکۆشەر، بە باوەڕ و دڵسۆز بوو و ئەوەی لەدەستی هاتبێ لە خزمەتکردن بە حیزب و گەلەکەی درێغی نەکردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی مام حەسەن فەلاحی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان، سەرجەم کەسوکاری و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی سەردەشت دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.