٨ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی، سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتنی توند لە دەوڵەتی کانادا، نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر چوونی مورتەزا تەڵایی، بەرپرسی پێشووی پۆلیسی تاران و یەکێک لە پێشیلکارەکانی مافی مرۆڤ بۆ کانادا دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ٨ ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لەهەمبەر سەفەری ئەم دواییانەی “مورتەزا تەڵایی” بەرپرسی پێسووی پۆلیسی تاران و یەکێک لە پێشێلکارە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوایان لە “جاستین ترۆدۆ” سەرۆکوەزیرانی کانادا کردووە کە ئیزن نەدا فەرماندە پێشووەکانی سپای پاسداران و هەموو ئەو کەسانەی کە مافی مرۆڤیان لە ئێران پێشێل کردووە سەردانی کانادا بکەن.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا سەرەڕای هۆشداری بە دەوڵەتی کانادا هاتووە کە ئیزندانی مورتەزا تەڵایی لەلایەن وڵاتی کاناداوە هەڵگری پەیامێکی مەترسیدارە و بێرێزییە بە هەموو ئەو ئێرانییانەی کە بەهۆی کەسانی وەک تەڵاییەوە پەنایان بۆ وڵاتی کانادا بردووە.
هەروەها ئەو ٨ ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە بەیاننامەکەیاندا داوا لە دەوڵەتی کانادا دەکەن کە پێشینەی مورتەزا تەڵایی بە تایبەتی لە بواری پێشیلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران لە پێش چاو بگرن و بە زووترین کات هەڵوێستێکی گونجاو لەهەمبەر ناوبراو بگرنەبەر.