ناڕەزایەتیی سێنفیی مامۆستایانی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا خاڵگۆڕانێکی نوێی ئەزموون کرد و گەورەترین مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان لە مێژووی ئێراندا تۆمار کرا.
مامۆستایان لەماوەی سێ ڕۆژ مانگرتنی خۆیان لە زیاتر لە ٣٠٠ شاری ئێراندا لەسەر سێ مافی سەرەکیی خۆیان پێیان داگرتەوە: “پەسندکردن و جێبەجیکردنی پلەبەندیی مامۆستایان”، “جێبەجیکردنی یاسای وەکیەککردنی مووچەی مامۆستایانی خانەنشینکراو” و “ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو”.
ناوەندە ئیتلاعاتی و دەزگاکانی بڕیادەری کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی بەشێوەی سروشتی لە تەنیشت ناڕەزایەتیی مەدەنی و ناتوندوتیژی مامۆستایان تێبپەڕن، بۆیە لەلایەک مامۆستاکانیان لە شەقامدا سەرکوت و دەسبەسەر کرد، لەلایەکی دیکەش بە پەلەپڕووزە گەڵاڵەی پلەبەندییان بە کەموکوڕی و نقوستانیی زۆرەوە پەسند کرد بۆ ئەوەی دەنگی ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنانەیان کپ کردبێ.
گرینگترین ماف کە مامۆستایان لەسەری پێداگرن، جێبەجێکردنی یاسای “پلەبەندیی مووچە”یە کە لە ئەگەری جێبەجیکردنیدا مز و دەرماڵە پیشەییەکانی مامۆستایان زیاد دەکا. نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پاش مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان بە پڕوپاگەندەی زۆرەوە گەڵاڵەکەیان بە نیوەچڵی و کەموکوڕییەوە پەسند کرد، بێئەوەی سەرچاوەی ماڵیی پێویست بۆ جێبەجێکردنەکەی لەگۆڕێدا هەبێ. جێبەجێکردنی پەسندکراوی مەجلیس بۆ زیادکردنی مووچەی مامۆستایان ٢٥ هەزار میلیارد تمەنی سەرچاوەی ماڵی پێویستە و ڕوون نییە کە دەوڵەت چۆن و لەکوێ دەتوانێ ئەو بڕە بودجەیە کە ڕێک یەک لە چواری بودجەی ٨٩٧ هەزار مامۆستا بۆ ساڵی داهاتووە، دابین بکا.