دووهەمین خولی دادگای نێونەتەوەیی ئابان بۆ پێڕاگەیشتن و بەدواداچوونی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندان لە شاری لەندەن دەستی پێ کرد.
بەرپرسانی دادگا بۆ پاراستنی گیانی شایەتەکان کۆبوونەوەکانی خولی دووهەم بە شێوەی نائاشکرا بەڕێوە دەبەن. بڕیارە لەو خولەدا زیاتر لە سەد شایەتحاڵی دیکە لە دادگا باسیان هەبێ. لە خولی پێشوودا کە ئەو دادگایە بە پاڵپشتیی ڕێکخراوەکانی “عەداڵەت بۆ ئێران”، “مافی مرۆڤی ئێران” و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی “پێکەوە دژی ئێعدام” بەڕێوە چوو، ٣٤ شایەتحاڵ و شەش کارناس بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی خۆیان خستە ڕوو.
لەو دادگایەدا لێژنەی دادئەستێنی دوای بیستنی قسەی شایەتەکان و تاوتوێی بەڵگەنامەکان، ١٦٠ کاربەدەستی کۆماری ئیسلامییان سەبارەت بە سەرکوتەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و کوشتاری خەڵک بە تاوانبار ناسیوە. لە کوشتاری خەزەڵوەری ٩٨دا لانی کەم ١٥٠٠ کەس کوژران.