ژمارەی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان گەیشتووەتە ١٩٢ کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا گیراون، گەیشتووەتە ٥٣٢ کەس.
بەپێی ناوەندی ئاماری چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لەماوەی یەک مانگ و نیوی زستاندا لانیکەم ١٨ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو ١٨ کۆڵبەرە ٢ کەسیان کوژراون و ١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، گەیشتە ١٩٢ کەس کە ٥١ کەسیان کوژراون و ١٤١ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار ببوون.
هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم ٨٢ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون ٥٣٢ کەس بووە کە ١٢٤ کەس لەوان حوکمی زیندانیان بۆ دەرکراوە.
ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنییەتی و سیاسی لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون.