سێ هاووڵاتیی یارسانیی خەڵکی گوندی “قڵاوەرێـ”ـی سەر بە شاری سەرپێڵیزەهاو، بە تەقەی کەسانی نەناسراو بریندار کران.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی یارسانی بە ناوەکانی “گوڵموراد مورادی”، “سامان بووچانی” و “مەنسوور حەیدەری” خەڵکی گوندی “قڵاوەرێـ”ـی سەر بە شاری سەرپێڵزەهاو، بە تەقەی کەسانی نەناسراو بریندار کران.
یەکێک لە دانیشتووانی گوندی “قڵاوەرێ” ڕایگەیاندووە ماشێنێک لە جۆری پێژۆ ٤٠٥ کە چەند کەسی چەکداری تێدابووە، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی قەڵاوەری و لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانە، سێ کەس خەڵکی ئەو گوندە بریندار کراون.
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەو ڕووداوەدا، ئەو چەکدارە نەناسراوانە، چەند ماشێنێکی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و هەروەها خەسارێکی بەرچاویان بە دووکان و سوپێرمارکێتی ئەو گونده، گەیاندووە.
ئەو سێ هاووڵاتییە بریندارە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزراون و هەنووکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.