پەیکەری مەستوورە ئەردەڵان، یەکەمین ژنی مێژوونوویسی کوردستان، لە ئاسەوارە مێژوویی و کەلەپووریییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
پەیکەری مەستووررە ئەردەڵان، یەکەمین ژنی مێژوونووسی کوردستان، کە لەلایەن هونەرمەند “هادی زیائەدینی”، نیگارکێش و پەیکەرتاشی بەناوبانگی کورد لە ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی، دروست کراوە و لە بولواری خەسرەوئاوای شاری سنە، نزیک لە ئەمارەتی “خەسرەوئاوا”یە، واتە شوێنی لەدایکبوونی خۆی دانراوە، لەناو ئاسەوارە مێژوویی و کەلەپوورییە جیهانییەکانی ئێراند تۆمار کراوە.
ماهـ شەرەف خانم قادری، ناسراو بە مەستوورە ئەردەڵان، ژنە شاعێر، نووسەر و مێژوونووسی کورد له بنەماڵەی بەناوبانگی قادرییەکان، لە ساڵی ۱۱۸٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۸۰۵ی زایینی، لە شاری سنەی پێتەختی میرنشینی ئەردەڵان (لە خۆرهەڵاتی کوردستان) لەدایک بووە و لە ساڵی ۱۲۲۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۸٤۸ی زایینی، لە شاری سلێمانیی پێتەختی میرنشینی بابان (لە باشووری کوردستان) لە تەمەنی ٤۳ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لەو شارەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردراوە.
مەستوورە ئەردەڵان، بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی شێعری نووسیوە و بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان زیاتر لە بیست هەزار دێڕ (بەیت) شێعری بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی نووسیوە کە زۆرتر بە شێوەی غەزەڵ، قەسیدە و وردەبابەت نووسراون، هەروەها لە نووسینی بابەتەکانی تر و بەتایبەت نووسینی مێژوودا دەستێکی باڵای هەبووە و یەکەمین ژنی مێژوونووسی نەتەوەی کورد بووە، بەرچاوترین کتێبیشی لە بواری مێژوونووسییەوە، کتێبی “مێژووی میرنشینی ئەردەڵان” بووە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی و دواتر مامۆستا “هەژار موکریانی” وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.
ڕۆبێرت کـ پۆرتەر، دەڵێت؛ لەو سەردەمەی کە مەستوورە ئەردەڵان وەک ژنی کورد بە شاعیر ناوبانگی ڕۆیشتبوو و ڕەنگە وەک تاکە ژنێکی سەدەی نۆزەدەیەم کتێبی مێژوویی و شێعریی دەنووسی، لە بریتانیا “جەین ئۆستن” نەیدەوێرا وەک ژن ڕۆمانەکانی بە ناوی خۆیەوە بڵاو بکاتەوە و هیچ دەزگایەکی ئەکادیمیش بەرهەمی مێژوونووسی ژنی وەرنەدەگرت، بۆیە هیچ مێژوونووسێکی ژن لەو سەدەیەدا نییە.