تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتێر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ڕایەڵەیەکی ڕاگەیاندنی ڕێژیمی ئێرانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی دڕۆ و ناڕاست بەدژی ئیسرائیل و خەڵکی فەلەستین داخستووە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتێر، لاپەڕەی فەرمیی گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان کە بە سازکردنی ڕایەڵەیەکی بەربڵاوی ڕاگەیاندن، بە ئامانجی کێشە و دووبەرەکیی سازکردن لەنێوان ئیسرائیل و خەڵکی فەلەستین چالاکیان دەکرد، داخستووە و لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە لە ئێستادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام چالاکیی دەکەن و هەر بۆیە داوایان لە بەرپرسانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەش کردووە کە لاپەڕەی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تێلێگرام دابخەن.
هەواڵدەریی “بیبیسی جیهانی” لە زاری گرووپێکی چاوەدێری سایبێریی ئیسرائیلی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە ڕاگەیاندنەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی پۆستگەلێک بۆ پشتیوانی لە سیاسەتمەدارە توندئاژۆکانی ئیسرائیل، هەوڵیان داوە خەڵکی فەلەستین بەدژی ئیسرائیل هان بدەن.