وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: پەنجەرەی دەرفەت بۆ بووژانەوەی “بەرجام” زۆر بچووک بووەتەوە و پێویستە واشینگتۆن ڕێگایەکی جیاوازتر بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، نێد پڕایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی: ئێمە خۆمان لە دۆخێکی نالەباردا دەبینین کە نیشان دەدات ئەو دەرفەتەی بۆ دانوستانەکانی ناوکیی لە ڤییەن هەمانە زۆر زۆر کورتە و واشینگتۆن و هاوپەیمانان دەبێ ڕێگەچارەیەکی گونجاوتر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
ناوبراو وتیشی: ئەو دەرفەتەی کە بۆ دانوستانەکانی ڤییەن هەیە زۆر کەمە، لەبەر ئەوەی هەرکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگاتە ئاستێک کە پێشکەوتنە ناوکییەکانی لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێ، ئیدی هەموو سەروەری و یاساکانی جیهان پێشێل دەکا.
نێد پرایس هەروەها وتی: ئەگەر بەرجام بە بەهێزی بمابایەوە، تاران زێدەڕۆییە ناوەکییەکانی ئێستای بەدەست نەدەهێنا، لەبەر ئەوەی دەیزانی ئاکامی قورسی لێ دەکەوێتەوە.