گرووپی هاکێری ” عەداڵەتی عەلی” بەڵگەگەلێکی بڵاو کردووەتەوە کە دەیسەلمێنی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەهەمبەر چوونەسەر ئاستی ناڕەزایەتییەکان خەڵک، هۆشداریی بە بەرپرسانی ڕێژیم دەدا.
گرووپی هاکێری “عەداڵەتی عەلی” ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلاپەڕەی فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، بەڵگەگەلێکیان لە کۆبوونەوە و دانیشتنی بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، دەزگا ئیتلاعاتییەکان و هەروەها هێزە ئینتیزامییەکان، بڵاوکردووەتەوە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوە شاراوەیە، دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە خەڵکی ئێران چی دیکە متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە.
بەپێی ئەو بەڵگە نهێنییانە کە لە کۆبوونەوەی “پێشگیری لە قەیرانی ئەمنییەتیی بژێویی بەردەوام” بڵاو بووەتەوە، سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران زۆر نزیکە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ لەسەد بەرزبوونەوەی هەبووە.
ئەو بەڵگەنامانە کە لەلایەن گرووپی هاکێری “عەداڵەتی عەلیـ”ـیەوە دراوە بە “ڕادیۆ فەردا”، نووسینەکەی بە گشتی حەوت لاپەڕەیە و لە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە “قەرارگای ساروڵا” کۆبوونەوەی لەسەر گیراوە.
ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی پاسداری تێرۆریست “حوسێن نەجات” فەرماندەی ئەو قەرارگایە بەڕێوە چووە. هەروەها نوینەری دادستانی تاران، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی تاران، پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتیی گشتیی ناجا، ئیتلاعاتی ئابووریی بەسیج، سپای حەزرەتی سەیدولشوهەدا، سپای حەزرەتی ڕەسووڵ، بەسیجی ئەسناف و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.
لە بەشێک لەو بەڵگەگەلە کە گرووپی هاکێری عەداڵەتی عەلی بڵاوی کردووەتەوە هاتووە کە محەممەدی، جێگری کۆمەڵایەتیی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم، وتویەتی: لە ئێستادا لە سەتا ٥٣ی خەڵک بە گومانەوە چاو لە دەسەڵاتی ئێران دەکەن و متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لەهەمبەر قەیرانی ئابووری، کەمیی ئاوی خواردنەوە، کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ڕوو لە هەڵکشانە.
لە درێژەی ئەو بەڵگەگەلەی کە گرووپی هاکێری عەداڵەتی عەلی بڵاوی کردووەتەوە هاتووە کە؛ کاویانی نوێنەری پۆلیسی ئیتلاعات و ئاسایشی گشتیی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم، وتویەتی: کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بە نیسبەت ساڵی ٩٩ی هەتاوی لە سەتا ٤٨ زیادیان کردووە و هەروەها خەڵکی ناڕازیی لە سەتا ٩٨ زیاتر دەڕژێنە سەر شەقامەکان.