باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لەلایەن سەرۆککۆماری ئەمریکاوە بەڵێنی بە بەرپرسانی ئیسرائیلی داوە کە دەوڵەتی بایدێن ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی جێرۆزالم پۆست، تۆماس نایدز، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسرائیل وتی: ستراتیژی و پلانی سەرۆککۆماری ئەمریکا زۆر ڕوون و ئاشکرایە و ئەمریکا هیچکات ئیزن نادا کە ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و هەر لەم پێوەندییەشدا بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بەردەوام لەگەڵ کۆشکی سپیدا لە پێوەندیدا بووە .
باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکایی هەموو ڕۆژێک لەگەڵ تیمی وتووێژی ئەمریکا لە ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە پێوەندیدان، وتی: ڕاستە لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی کێشەکانی ڕووسیە و ئۆکراینین بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمریکا هیچکات ئیزن نادات کە ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
تۆماس نایدز هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر بەرنامەی ناوکیی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕوانینی جیاوازیان هەیە؛ لە کاتێکدا ئەمریکا دەیهەوێت لەگەڵ ئێران بگا بە ڕێککەوتنێک بۆ دووبارەکردنەوەی بەرجام، ئیسرائیل دەیهەوێت کە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نەکرێ.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە ” پەیمانی ئیبراهیم” کە لە سەردەمی سەرۆککۆماری “دۆناڵد ترامپ”دا واژۆ کراوە، وتی: ئێمە پشتیوانی لەو پەیمانە دەکەین و هیوادارین هەموو وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل بگەن بە ڕێککەوتن و تەبایی.